کچه‌كا کوردا ئێزدی ل مووسلێ هاته‌ رزگارکرن

رووداو-موسڵ
هێزە عێراقییەکان کچێکی ئێزدیان لە گەڕەکی تەنەک لەلای راستی موسڵ رزگارکرد.
رائید شاکر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی ئیتحادی رایگەیاند، رۆژی 20-4-2017 کچێکی مێردمنداڵی ئێزدیان لە لای راستی موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش رزگارکردووە.
فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی گوتی:" کچەکە ناوی فەرەح دەخیلە و تەمەنی 11 ساڵە و لە گەڕەکی تەنەکی لای راستی موسڵ لە دەست چەکدارانی داعش رزگارکراوە ، ئێستا رەوانەی دادگای تایبەت لە حەمام عەلیل کراوە، بۆ پارێزگاریکردنی".
لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەست رووداو کەوتووە، پۆلیسی ئیتحادی قسە لەگەڵ کچە کوردە ئێزدییەکە دەکەن، پێی دەڵێن "ناوت چییە ، قسە بکە و مەترسە دەتبەینەوە لای دایکت".
حوسێن كورو، به‌رپرسی نووسینگه‌ی رزگاركرنی كوردانی ئێزدی به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند، شه‌وی رابردوو دوو كچی دیكه‌ی ئێزدی له‌لای چه‌پی موسڵ رزگاركراون و ئێمه‌ چاوه‌رێین ئه‌مڕۆ بگه‌نه‌وە ناو كه‌س و كاری خویان.
به‌رپرسی نووسینگه‌ی رزگاركرنی كوردانی ئێزدی راشیگه‌یاند، یه‌كێك له‌و كچانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عیراقەوە‌ رزگاركراوه‌ و ئه‌وه‌ی دیکەش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكا ، په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وە كراوه‌ و ئێمه‌ش چاوه‌ڕێین ئه‌مڕۆ بگه‌نه‌وە سنووری پارێزگای دهۆك.
دوای ئه‌وه‌ داعش هێرشیکردە سەر شنگال، زیاتر له‌ شه‌ش هەزار كوردی ئێزدی كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، تائێستا نزیكه‌ی سێ هەزار كه‌س رزگاركراون كه‌ زۆربه‌یان كچ و منداڵن و هێشتا چاره‌نووسی زیاتر له‌ سێ هەزار كه‌سی دیكه‌ش دیار نییه‌.

تعليقات

المشاركات الشائعة