ڤيان ده‌خيل:3500كه‌سێن ئێزدى ل كوڤه‌نه‌،داعش بۆ كێده‌رێ ڤه‌گوهاستينه‌

باسنيۆز:

ڤیان ده‌خیل، په‌رله‌مانتاری كوردی ئێزدی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته‌ (باسنیوز) سه‌رسوڕمانی خۆی له‌ ده‌رنه‌كه‌وتنی ئاسه‌واری 3500 كورده‌ ئێزدییه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان توانیویانه‌ جگه‌ له‌ به‌ری چه‌پی شاری مووسڵ، چه‌ند گه‌ڕه‌كێك له‌ به‌شی ڕاستی ئه‌و شاره‌ش، ڕزگار بكه‌ن.


له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئێزدییه‌، ده‌ڵێت :" به‌ به‌رده‌وامی ئاگادارین له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌ شاری مووسڵ و ده‌وروبه‌ری شاری ته‌له‌عفه‌ر، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت سه‌دان ڕفێندراوی پیاو و ئافره‌تی ئێزدی له‌و ناوچانه‌بن".


ڤیان ده‌خیل، ده‌ڵێت :" ئه‌وه‌ی تووشی دڵه‌ڕاوكێی كردووین ئه‌وه‌یه‌، سه‌رباری ئه‌و پاشه‌كشێ و دۆڕانه‌ی داعش له‌ مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر، كه‌ چی تا ئێستا چه‌ند ئافره‌تێكی ئێزدی ئازاد كراون كه‌ ژماره‌یان له‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست كه‌متره‌، ئه‌مه‌ش ترس و گومانی لای ئێمه‌ و هه‌موو مرۆڤێكی باوه‌ڕدار به‌ ئازادی بیروباوه‌ڕ درووست كردووه‌".

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌ به‌لایانه‌وه‌ سه‌یره‌ تا ئێستا نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ ئاسه‌واری نزیكه‌ی 3500 ڕفێندراوی ئێزدی، ده‌شڵێت :" پرسیار ده‌كه‌ین ئه‌وان ئێستا له‌ كوێن؟ داعش بۆ كوێی گواستوویانییه‌تییه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانمان سه‌دان له‌و ڕفێندراوانه‌ له‌ مووسڵ و ته‌له‌عفه‌رن".

له‌ مانگی ئابی 2014، ڕێكخراوی توندڕه‌وی داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی شنگال و به‌هه‌زاران ئێزدی ڕفاند و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان شه‌هید كران.

تعليقات

المشاركات الشائعة