خێرى بۆزانى:زێده‌تر ژهەزار زارۆكێن كوردێن ئێزدى ل ژێر دەسەلاتا داعشێ مەشق و راهێنان پێ دئێته‌ كرن

رووداو:

خێری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدیان لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، زیاتر لە هەزار منداڵی ئێزدیان (لەژێر دەسەڵاتی داعش) مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت. ئەوان بە دوو شێوازی: تیۆری و کرداری فێر دەکرێن. بە شێوازی تیۆری شەریعەتی ئیسلام و جیهادیان فێردەکرێت، هەروەها بە کردەیی چۆنییەتی کوشتن و خۆکوشتنیان فێردەکەن. داعشەکان زۆر جەخت لەسەر ئەو دوو شتە دەکەنەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدیان دەشڵێ "ئێمە توانیومانە تەنیا 13 کەس لەو منداڵانە رزگار بکەین، ئەو منداڵانەش بەڕاستی مێشکیان شۆراوەتەوە. بەگوێرەی بەرنامەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، نزیکەی 10 لەو منداڵانە رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون، بۆ ئەوەی چارەسەری دەروونی وەربگرن و، دووبارە بهێنرێنەوە نێو ژیانی ئاسایی".

بەرپرسەکەی کاروباری کوردانی ئێزدی جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەداخەوە ئێمە چەندینجار لەڕێگەی میدیاکانەوە، بە هەموو جیهانمان گوتووە، ئەوان وەکو بۆمبی دانراوەن، ئەگەر ئەمڕۆ لەشوێنی خۆیان نەتەقنەوە، بۆ سبەی لە ئەوروپا یان لە شوێنێکی دیکە دەتەقنەوە. بۆیە ئێمە زۆر داوامان کردووە ئەو کەسانەی راهێنانیان پێدەکرێت رزگار بکرێن، ئەگەر لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتیشەوە بێت، بچنە نێو ئەو سەربازگانە، چونکە ئێمە دەزانین ئەوان لە رەقە و لە موسڵ سەربازگەیان هەن، بەڵام کەس گوێی بە گەورەیی مەترسی ئەو منداڵانە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەداوە".

نادیە موراد، کچێکی کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و، باڵیۆزی نیازپاکی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو منداڵانەوە دەڵێ "داعش دوای دوو ساڵ و پێنج مانگ، دەستی کرد بە تەقاندنەوەی منداڵەکانمان، بەڕاستی من هیچ قسەیەکم بۆ گوتن نییە. لەبەر خاتری مرۆڤایەتی داواتان لێدەکەم کۆتایی بەمە بهێنن".

داعش کاتێک دەستی بەسەر رووبەرێکی فراوانی خاکی عێراق و سووریادا گرت، چەند کامپێکی سەربازی بۆ راهێنانی منداڵان لەسەر: شەڕ، کوشتن، ئازاردانی دەروونی و جەستەیی دوژمنانی دەوڵەتی ئیسلامی کردەوە.

بەپێی سەرچاوەکانی نێو موسڵ کە پێش کۆنترۆڵکردنەوەی بەری چەپی موسڵ، لەبارەی کەمپە سەربازییەکانی داعشەوە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە "چەکدارانی داعش سەتان منداڵ و نەوجەوانیان ناچارکردووە روو لەو کەمپە سەربازییانە بکەن".

هەروەها کاتێک لە هاوینی 2014 داعش ناوچەکانی کوردانی ئێزدی کۆنترۆڵکرد، پیاوانیان کوشت و ژن و منداڵەکانیان رفاندن. منداڵەکانیشیان بۆ ئەو کەمپە سەربازییانە بردن و، ناچاریان کردن سەیری ڤیدیۆی سەربڕین بکەن، پێشیان گوتوون لە داهاتوودا کاتێک فێری تەکنیکەکەی بوون، ئێوەش دەتوانن خەڵک سەرببڕن.

هەرچەندە داعش زۆربەی ئەو خاکەی لە عێراق کۆنترۆڵی کردبوو لەدەستداوە، بەڵام پێشتر باس لەوە دەکرا لەنێوان یەک هەزار بۆ 1500 منداڵ و نەوجەوان لە کەمپە سەربازییەکانی داعش لە عێراق راهێنانیان پێدەکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە چەکدار و خۆکوژی گرووپەکە.

لەدوای کۆنترۆڵکردنی شنگال و دەوروبەری لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014، داعش 6413 کوردی ئێزدی رفاند، لەو ژمارەیەش بەشێکیان رزگارکران، بەڵام هەتاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزاریان لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماونەتەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة