قايممقامێ شنگالێ هۆكارێن ئازادنەكرنا كچ و ژنێن ئێزدی ئاشكه‌را دكه‌ت

نه‌وا:

مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، دەیان وڵات و رێكخراوی نێودەوڵەتی بەڵێنیانداوە كار لەسەر ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەی شنگال بكەن، بەڵام بەهۆی بوونی پەكەكە و لقەكانی تائێستا دەستیان بە كارەكانیان نەكردووە.


مەحما خەلیل لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی، 132 مێگاوات كارەبا لە بەنداوی موسڵەوە بۆ شارۆچكەی شنگال و تەواوی شارەدێكانی سنوورەكە دابین دەكرێت و لە چوار مانگی داهاتووشدا پڕۆژەكە تەواو دەبێت، دواتر دەیان پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە بەردەستی ئیدارەی شنگال هەیە و پێشكەشی هاووڵاتییان دەكەن.قائیمقامی  شنگال دەشڵێت "بەداخەوە هەرچەند هاوار و ناڵە و بانگەوازمان بۆ تەواوی وڵاتانی جیهان بەرزكردەوە، بەڵام وڵاتانی جیهان بە دەنگ هاوارەكانمانەوە نەهاتن و كەمتەرخەمییان كرد لە رزگاركردنی كچ و ژنانی ئێزدی ژێردەستی داعش، بۆیە داعش بێ هەڵوێستی وڵاتانی بە هەلزانی و هەستا بە گواستنەوەی دەیان كچ و ژنانی كوردی ئێزدی بۆ وڵاتانی كەنداو و ژمارەیەكی زۆر منداڵی راهێندراو و كچ و ژنانی كوردی ئێزدیان بۆ كردەوەی تیرۆریستی گواستوەتەوە ئەفغانستان، پاكستان و لیبیا كە ئەمە نیگەرانییەكی زۆری لەلای كوردانی ئێزدی لێكەوتووەتەوە".ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەمریكا، بەریتانیا، حكومەتی عیراق و چەند وڵاتێكی دیكە كەمتەرخەمیان كردووە لە رزگاركردنی كچ و ژنانی ئێزدی ژێردەستی داعش، مەبەستیش لە رزگارنەكردنیان ئاشكرانەبوونی  رێكخراوی تیرۆریستی داعشە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا، ئەگەر وا نەبێت بۆچی كەسێكی ئاسایی سەر بەهاوپەیمانان دەڕفێندرێت بەزووترین كات رزگاری دەكەن، بەڵگەمان لەبەردەستە كە تا ئێستا سێ هەزار و 600 كەسی كوردی ئێزدی لەژێر زوڵم و ستەمی تیرۆریستانی داعشدا دەژین، كەچی هیچ هەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ رزگاركردنیان نەدراوە و حكومەتی عیراقیش كەمتەرخەمی سەرەكییە، چونكە لە رزگاركردنی هەریەك لە شارەكانی فەلـلوجە، ئەنبار، روومادی، گەیارە، شەرگات، سەڵاحەدین  ئەوا بەشی چەپی موسڵیش رزگار كرا لە دەست داعش، بەڵام هیچ رۆڵێكیان نەبوو لە رزگاركردنی كچ و ژنانی كوردی ئێزدی لە دەست داعش تەنها ژمارەیەكی زۆر كەم رزگاركران ئەوانیش لەلایەن خەڵكەوە گەیەندرانە دەست هێزەكانی پێشمەرگە". مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەشكرد كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو تیرۆریستانی داعش زیاتر لە 600 منداڵی كچ و كوڕی كوردی ئێزدییان مەشقداوە و راهێنانییان پێكراوە كە چۆن خۆیان دەتەقێنەوە، ئەو منداڵانە ئێستا لە توندڕەوی راهێندراون و بوونەتە چەكداری ترسناك، داعش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دژی هەموو ئایین و ئایینزایەك و پێكهاتەكانی بەكاریاندەهێنێت و لەمبارەیەوە وتی "ماوەی دوو ساڵە 600 منداڵی كچ و كوڕی كوردی ئێزدییان مەشقداوە و راهێنانییان پێكراوە كە چۆن خۆیان دەتەقێنەوە ئەگەر لەسەرەتای داواكانمان لە وڵاتان و حكومەتی عیراق بە جددی دەستیان بە رزگاركردنی ئەو منداڵانە بكردایە، بەو قۆناغە نەخوازراوە نەدەگەیشتین".
سەبارەت بە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی شنگال، مەحما خەلیل وتویەتی "پەكەكە هەڕەشەیەكی جددییە لەسەر تەواوی شنگال و ژیانی هاووڵاتیان، تا پەكەكە لە شنگال مابێت شارۆچكەكە ئاوەدان ناكرێتەوە، چونكە دەیان وڵاتی زلهێز و رێكخراوی نێودەوڵەتی بەڵێنیان بە ئێمە داوە كە كار لەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەكەن و سەرلە نوێ شنگال ئاوەدان دەكەنەوە، بەڵام بە مەرجێك چەكدارانی پەكەكە و لقەكانی لە ناوچەكە نەمێنن. ئەندازیاران و كارمەندی رێكخراوەكان سەقامگیری ناوچەكە بە مەرجی سەركەوتنی كارەكانییان دەزانن، بوونی پەكەكەش لە شنگال گەرەنتی سەقامگیری بۆ هیچ لایەك نەهێشتووەتەوە".
مەحما خەلیل وتیشی: "خۆشبەختانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ماستەرپلانی ئاوەدانكردنەوەی  شنگال داڕێژراوە و هاوپەیمانانیش لەسەر هێڵن بۆئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ماستەرپلانە كارەكانیان بكەن. شنگال دەبێتە یەكەم قەزا لەسەرئاستی عیراق كە لەسەر نەخشەیەكی ئەندازەیی بازنەیی دروست دەكرێتەوە، پێنج ئەندازیاری پسپۆڕ سەرپەرشتی داڕشتنی نەخشەی شنگال دەكەن و 40 ئەندازیاریش خۆبەخشانە پاڵپشتی سەرخستنی پڕۆژەكە دەكەن، دوای نەمانی پەكەكە پەنا بە خوا هەموو پڕۆژەكان دەست بە كارەكانیان دەكەن".
مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال، هێمای بۆ بونیادنانەوەی لایەنی مرۆیی كرد و وتی "دوای ئاوەدانكردنەوەی شنگال لە رووی ژێرخانەوە، پێویستە لایەنی مرۆیی دانیشتووانی شنگال جارێكی دیكە بونیادبندرێتەوە، چونكە هەموو چین و توێژەكانی شنگال تووشی نەهامەتییەكی زۆر گەورە بوون لەسەر دەستی داعش، لەوانەیە لە نێوان هەندێك پێكهاتە رق و كینە كەوتبێتە نێوانیان بۆیە دەبێت ئەم حاڵەتانەیش بنبڕ بكرێن و دۆخەكە بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێش هاتنی داعش".
ناوبراو پڕۆژەی دابینكردنی كارەبا بۆ  شنگال بە سەرەتایەكی گرنگ وەسف دەكات و دەڵێت "دابینكردنی كارەبا بۆ شنگال و شارەدێكانی سنوونێ  و رەبیعە و تەواوی سنوورەكە دەبێتە دەستپێكێكی گرنگ و بەسوود بۆ ئەوەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكانی دیكەش سەركەوتووبن، جێگەی خۆشحاڵییە كە یونامی بە هەماهەنگییەكی تەواو لەگەڵ ئیدارەی شنگال و وەزارەتی كارەبای حكومەتی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم بڕیاری دابینكردنی كارەبای داوە بۆ شارۆچكەی شنگال".
لە كۆتایی قسەكانیدا مەحما خەلیل وتی: "كارەباكە 132مێگاواتە و لە بەنداوی موسڵ بەرهەمدەهێندرێت. بە درێژایی 43 كیلۆمەتر بەرەو قەزای شنگال رادەكێشرێت و لە رێگەی دوو هێڵەوە دەگەیەندرێتە هاووڵاتییان كە هێڵێك بۆ ناوەندی شارۆچكەی شنگالە و ئەوەی دیكەشیان بۆ شارەدێی سنوونێیە. چوار مانگ دەستنیشانكراوە بۆ تەواو كردنی پڕۆژەكە، دوای تەواو بوونی ئەو قۆناغەش قۆناغی دابینكردنی ئاو و كەلوپەل بۆ هاووڵاتییان دەستپێدەكات و پێشبینی دەكەین دوای ئەم قۆناغە گۆڕانكارییەكی گەورە لە ناوچەكە بێتە ئاراوە، هەڵبەت ئەگەر پەكەكە كێشەمان بۆ دروست نەكات".


تعليقات

المشاركات الشائعة