K24 - ھەولێر
شاندێکی كوردانی ئێزدی سەر بە حەشدی شەعبی و ھێزەكانی پاراستنی شنگال (ھەپەشە) سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد و داوایان لە راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە پشتیوانییان بكەن، بۆ ئەوەی ئیدارەی سیاسی و سەربازی شنگال و دەوروبەری بگرنە دەست.
شاندی ئێزدییەکان لە یەکەم کۆبوونەوەدا لەگەڵ عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە کۆبوونەتەوە.
حوسێن قاسم حەسوون، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری جینۆساید بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو شاندە نوێنەرایەتی ئێزیدییەكان ناكات و چوونیان بۆ ئێران بەناوی ئێزیدییەكان رەتدەكەینەوە، چونكە ئەو لایەنەی ئەو شاندەی ناردووەتە تاران بوونی لە شنگال یاسایی نییە، كوردانی ئێزیدی خۆیان گوزارشت لە بۆچوونی خۆیان دەكەن".
گوتیشی: "دوای كشانەوەی ھێزە نا یاساییەكان لە شنگال، خەڵكی شنگال دەتوانێت راپرسیەك ئەنجامبدات و بڕیار لە داھاتووی خۆیان بدەن كە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا بمێننەوە یان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان".
تعليقات