کچە کوردێکی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستانەوە رزگار دەکرێت و ئەویش چیرۆکەکانی دوو ساڵ ژیان لەژێر دەستی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەگێڕێتەوە.
عەنیفە ساڵح، کچێکی کوردی ئێزدیی تەمەن 25 ساڵەی خەڵکی شاری شنگالە، لە مانگی ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراوە و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەژێر دەسەڵاتی داعش ژیاوە.
عەنیفە ساڵح بە ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی راگەیاندووە، کە دوای داگیرکرانی شنگال، ماوەی 12 کاتژمێر لەناو خوێنی کچ و کوڕانی شەهیدکراوی ئێزدیی ژیاوە و دواتر لەگەڵ کچە ئێزدییەکان بەرەو شارۆچکەی تەلەعفەر بردراون.
بە گوتەی ئەو کچە ئێزدییە، چەکدارانی داعش دەستدرێییان کردووەتە سەر کچانی منداڵ، ”تەنانەت جاری وا هەبوو دەستدرێژی بە کۆمەڵیان“ کردووەتە سەر کچی هەشت ساڵان.
عەنیفە باسی ئەوەی کردووە، کە ئەو و چەند کچێکی دیکە دوای بێ ئومێدبوونیان، بڕیاری خۆکوشتنیان داوە، بەڵام پێشمەرگە لەرێی عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکەوە، ئەو و سێ کچی دیکەی بە 2500 دۆلار لە چەکدارانی داعش کڕیوەتەوە.
ئەو کچە رووداوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ”لەناکاو دوو تیرۆریستی داعش بە من و سێ کەسی دیکەیان گوت (ئێوە بەم شەقامەدا بڕۆن)، ئێمە رێگەمان گرتەبەر و ترسی ئەوەمان ھەبوو لە دواوە تەقەمان لێ بکرێت، چەند کیلۆمەترێکمان بە پیادە بڕی دواتر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بەرەو روومان ھات، ترس دایگرتین، کە گەیشتە لامان، گوتیان 'ئێمە پێشمەرگەین سەرکەون، ئێوەمان رزگار کردووە' دوای سەرکەوتنمان، لەناو ئۆتۆمبێلەکە فرمێسکی شادی بە چاومان دەھاتە خوار".
ئەو کچە رزگاربووەی ژێر دەستی داعش گوتیشی: "لە رێگای گەڕانەوەماندا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، پێشمەرگەکان باسیان لە چۆنیەتی رزگارکردنی ئێمە کرد کە بەدوو ھەزار و ٥٠٠ دۆڵار ئەو چوار کەسە رزگارکراون، پێشمەرگە نەبووایە خۆکوشتنمان چارەسەری کۆتاییمان بوو لەژێر دەستی داعش“.
رفاندنی عەنیفە ساڵح لەلایەن داعشەوە، کاریگەریی دەروونیی لەسەر دروست کردووە، بەشێوەیەک هەرچی لەگەڵ کراوە و ”چ شتێکم بەچاوی خۆم بینیوە دێتەوە پێش چاوم، بە حەب و دەرمان نەبێت خەوم نییە“.
تعليقات