بەڕێوەبەری شارەدێیەکی سنووری شاری شنگال رایدەگەیەنێت، کە خەڵکی سنوورەکە بە هیچ شێوەیەک رازی نابن سوپای عێراق جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سنوورەکە.
رۆژی یەکشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2016، نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە، خەڵکی سنووری شنگال داوا دەکەن شارەکەیان بکرێتە پارێزگایەک لە هەرێمی کوردستان و بە پێویستی دەزانێ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو وڵاتانی ناوچەکە رێز لە بڕیاری شنگالییەکان بگرن.
نایف سەیدۆ هەروەها رایگەیاند، کە هاووڵاتییانی شنگال و دەوروبەری دژی بوونی گرووپ و میلیشیا نایاساییەکانن لە سنوورەکە و جارێکی دیکەش رێگا بە سوپای عێراق نادەن بنکە و بارەگاکانی لەو سنوورە دابنێت، ”تەنها پێشمەرگە دەتوانێ ئارامیی شنگال بپارێزێت“.
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ ئاماژە بەوەش دەکات، کە تەنها بڕیارەکانی هەولێر لە شنگال جێبەجێ دەکرێن، چونکە شنگال ”چیتر لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدا نییە و شارێکە سەر بە هەرێمی کوردستانە“.
شنگال لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، لە مانگی ئابی 2014 هاوشێوەی زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
دوای داگیر کردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە میر و هاووڵاتییانی ئێزدی و کوردستان بە گشتی دا، کە شاری شنگال رزگار دەکاتەوە و تۆڵەی شەهیدانی ئێزدی لەو رێکخراوە توندڕەوە دەکاتەوە.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، دوای ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی ئەنجامدرا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر چیای شنگال، رزگار کردنەوەی شارەکەی راگەیاند.
دوای رزگار کردنەوەی شاری شنگال، میر تەحسین، میری ئیزدییانی کوردستان و جیھان لە راگەیەندراوێکدا، ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ”رۆژێکی مێژوویی“ ناساند و رایگەیاند، ”ئازادکردنەوەی شنگال خۆشی و شادی خستە دڵی ھەموو ئێزدییەکان و کوردستانییان و ھەموو مرۆڤایەتی“.
ئێزدییەکان، بەشێکن لە نەتەوەی کورد و لە هەرسێ بەشی کوردستانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا نیشتەجێن. بنکەی سەرەکیی ئایینەکەشیان، کە ئاینێکی کوردییە، لە پارێزگای دهۆکە لە کوردستانی باشوور.
تعليقات