پێشمەرگەى هێرشه‌كا داعشێ ل شنگالێ شكاند

رووداو - شنگال
لە سنووری شنگال چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر پێشمەرگە، دوای نزیكەی دوو كاژێر رووبەڕووبوونەوە، هێرشەكەی داعش تێكشكێندرا و سێ ئۆتۆمبێلی سەربازییان سووتێندران، قایمقامی قەزاكەش دەڵێت پێشمەرگە زیانی زۆری بە داعش گەیاندووە.

هێرشەكە كاژێر 04:10 خولەكی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19-10-2016 كرایە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە. مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیانكرد، دوای نزیكەی دوو كاژێر رووبەڕووبوونەوەش هێرشەكە تێكشكێندرا".

قایمقامی شنگال باسی لەوە كرد، لەو شەڕەدا  سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی داعش سووتێندران و چەندین پارچە چەكی بەنرخیش كەوتوونەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە.
هەر سەبارەت بەو هێرشەی داعش، دەخیل قاسم سمێر، فەرماندەی فەوجی دووی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، هێرشەكەی داعش بەرفراوان بوو، بەجۆرێك فڕۆكەی هاوپەیمانانیش لە رووبەڕووبوونەوەكەدا هاوكاری پێشمەرگەیان كردوو.

گوتیشی "بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان 3 ئۆتۆمبێلێكی سەربازی داعش سووتێندران، هاوكات زیانی زۆری دیكەشیان هەبوو، لە شەڕەكەشدا تەنیا دوو پێشمەرگە برینداربوون".

لە 3-8-2014 داعش هێرشیكردە سەر شەنگال و كۆنترۆڵی كرد، بەڵام لە 12-11- 2015  پێشمەرگە شنگالی كۆنترۆڵكردەوە. ئەم هێرشەی داعش لەكاتێكدایە سێ رۆژە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەلایەن پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستیپێكردووە، ئەمڕۆش لە دەوروبەری حەمدانییە هێرشی قورس دەكرێتە سەر داعش.

تعليقات

المشاركات الشائعة