ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له چیای شنگال چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری بۆ ئاواره ئێزدیه‌كانی سه‌ر چیا‌و ده‌وروبه‌ری ئه‌نجام ده‌دات كه خۆی له دابینكردنی ١٠ مۆلیده‌ی كاره‌بایی و كردنه‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی و قوتابخانه‌یەکی ئاماده‌یی و یەکێکیش بنه‌ڕه‌تی و ٣ بیری ئاوخواردنه‌وه و سه‌نته‌رێكی ڕۆشنبیری و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاریگایه‌كی وه‌رزشی و چه‌ندین پرۆژه‌ی تر ده‌بینێته‌وه.
٢٨/٩/٢٠١٦ له ڕێوڕه‌سمێكدا به ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی و مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شنگال و بابه شێخ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانی ئێزیدی و شێخ عه‌زیز شێخ ڕه‌زا سه‌رۆك و مووسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌رپرسانی حكوومی و نوێنه‌ری ڕێكخراوی LDSی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و پرۆژانه كرانه‌وه کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراو و دەزگای مرۆیی و لایەنی حکومی ئەنجامی داون بۆ ئاواره‌كانی چیای شنگال.
له‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌ستان به وه‌گه‌ڕخستنی ١٠ مۆلیده‌ی كاره‌با و ڕاكێشانی كاره‌با بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ماڵانه‌ی له‌سه‌ر چیاكه نیشته‌جێ بوونه، ئه‌م پرۆژه‌یه به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (ژیان)ی یابان و ڕێكخراوی GIZ ی ئەڵمانیا و پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەولێر به‌جێ گه‌یێنراوه، هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌و پرۆژانه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌شی ئاواره ئێزدییه‌كانی ده‌كات بریتیه له هه‌ڵكه‌ندن و ئاماده‌كردنی ٣ بیری ئاوه كه ئاوی خواردنه‌وه بۆ دانیشتوانی سه‌ر چیاكه‌و ده‌وروبه‌ری دابین ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی تانكه‌ره‌وه دابه‌شی سه‌ر ماڵه‌كانی ده‌كه‌ن، ئه‌م پرۆژه‌یه به هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی LDS ئەمریکا و (Act Now Children) ی تایلەند له‌سه‌ر چیای شنگال ئه‌نجام دراوه و سودێكی زۆری ده‌بێت بۆیان.
هاوكات یه‌كێكی تر له‌و پرۆژانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر چیای شنگال پێشكه‌شی ئاواره ئێزدییه‌كان كرا، كردنه‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستییه؛ له‌و میانه‌شدا به به‌رده‌وام ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چه‌ندین جار تیمی ته‌ندروستیی گه‌ڕۆكی بۆ پشكنین و چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی بردووەته‌وه سه‌ر چیاكه، كردنه‌وه‌ی ئه‌م بنكه ته‌ندروستییه له‌سه‌ر چیاكه ڕۆژانه پشكنین و چاره‌سه‌ر بۆ دانیشتووانی سه‌ر چیا‌و ده‌وروبه‌ری ده‌كات و ده‌رمان و پێداویستیان پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌م بنكه‌یه‌ش هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی WAHA له‌سه‌ر چیاكه دروست كراوه.
له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه به مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیدان به پرۆسه‌ی خوێندنی قوتابیانی ئاواره‌ی ئێزدی له‌سه‌ر چیای شنگال، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی قوتابخانه‌یه‌كی دوازده پۆلی به‌سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌كانی خوێندنه‌وه له‌سه‌ر چیاكه دروست كردووه، كه ئێستاكه زیاتر له ٣٠٠ قوتابی تێیدا ده‌خوێنن و جانتاو پێداویستیه‌كانی خوێندنیشیان بۆ دابین ده‌كات. ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا و هه‌وڵی زۆری دا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ڕێكخراوی LDS ئەمریکا و (Act Now Children) ی تایلەند ٢ قوتابخانه‌ی تر دروست بكرێن بۆ خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی به گوژمه‌ی ٢٥هه‌زار دۆلار به خانوی ده‌ستكرد (كه‌ره‌ڤانه) دروست كراون و پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده تیایدا به‌رده‌وامی ده‌بێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له مه‌راسیمه‌كه‌دا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری ڕێکخراوی LDSی ئەمریکا و بە گوژمەی ٥٠هەزار دۆلار سه‌نته‌رێكی ڕۆشنبیری و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌سه‌ر چیاكه دروست كردووه‌و پێشكه‌شی ئاواره‌كانی ده‌كات، كه تیایدا خوله جۆراوجۆره‌كانی (هونه‌ری، كۆمپیوته‌ر، وه‌رزش... هتد) ده‌خوێنرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوله‌كانی تۆپی پێ و ئاهه‌نگێڕان و یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژه مێژووییه‌كانی تێدا ئه‌نجامده‌درێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی Free Rangers Group یاریگایه‌كی تایبه‌ت به وه‌رزشی منداڵان به گوژمه‌ی ١٠هه‌زار دۆلار له‌سه‌ر چیای شنگال بنیات ناوه و له‌و یاریگایه‌دا وه‌رزشوان و منداڵان و ئاره‌زوومه‌ندانی بواره جۆراوجۆره‌كانی وه‌رزش ساته خۆشه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.