زێباری:هەول دبەردەوامن بۆ رزگاركرنا وه‌لاتيێن ئێزدى يێن ده‌ستێ داعشێ دا ماين

هەولێر-KDP.info- 
(د. دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دواڕاپۆرتی ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی) دەكەین و بە هەنگاوێكی باشی دەزانین بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئازار و مەینەتییەكانی كوردانی ئێزدی و رزگاركردنی ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەكراون.

(زێباری) گوتی: "لە دوای 3/8/ ٢٠١4نزیكەی (360،000) هاووڵاتیی ئێزدی ئاوارەی ناوچەكانی دەوروبەری شنگال و باشووری كوردستان بوون و (1293)ـیان، هەروەها (6413) هاوڵاتیی كوردی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بێسەروشوێن كراون لەوانە (3543) ئافرەت و (2870)ـیان پیاو بوون، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گشت هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ رزگاركردنیان و بەپێی دوایین زانیاری تا ئێستا توانراوە (2652)ـیان ئازاد بكرێن و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ رزگار كردنی ئەوانەی تا ئێستا لە دەست داعش ماون".

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هەوڵەكانی حكوومەتی بۆ هاوكاریی ئێزدییەكان خستە روو و رایگەیاند: "حكوومەتی  هەرێم ئەوەی لە تونایدا بووە ئەنجامی داوە بۆ هاوكاریكردنی ئەو ئێزدیانەی كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە كەمپەكان نیشتەجێیان كردوون و پێداویستی و كەلوپەلە سەرەتاییەكانیان بەپێی توانا دابین كردوون، هەروەها لە چەندین رووەوە هاوكاریی ئەو ئافرەتانەی كردووە كە تا ئێستا رزگار كراون، ئەمەیش لە كاتێكدایە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە".

(د. دیندار) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە هاوكاری هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دەكات كە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و پەنابەرە ئێزدییەكانیش لەم هاوكاریانە بەدەر نین، چۆن هاوكاریی پەنابەرە سووری و ئاوارە كریستیانەكان دەكرێت، بە هەمان شێوە هاوكاریی ئێزدییەكان كراوە و بەپێی توانا پێداویستییەكانی رۆژانەیان بۆ دابین كراوە.

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: "ئێمە لە حكوومەتی هەرێم پاڵپشتیی تەواوی راپۆرتی راپۆرتی ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لەم رووەوە دەكەین كە ئێزدییەكان پێویستییان بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگای نێدەوڵەتی و حكوومەتی فیدراڵییە بە تایبەتی لە ناساندنی كەیسەكەیان بە جینۆساید و نەهێشتنی ئەو كۆسپانەی كە رێگرن لە بەردەم سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و، لەم رووەوە پێویستە پاڵپشتی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بكەن، هەروەها هاوڕاین كە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ گەیاندنی هەموو هاوكارییەكی دارایی و تەكنیكی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقیش لەلایەن خۆیەوە هەستێت بە هەڵبەستن و دابینكردنی ئاساییش و هاوكاریی مرۆیی بۆ قوربانیانی دەستی داعش، چونكە ئەو تاوانانەی كە دژ بە ئیزدییەكان ئەنجام دراوە، بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو و بەئەنقەست بووە، بۆیە دەكرێت وەك تاوانی جەنگ و بگرە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار بكرێت".

شایانی باسە، لە مانگی رابردوودا ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی)، راپۆرتێكی سەبارەت بە رەوشی كوردانی ئێزدی بڵاو كردەوە و تێیدا داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دەكات كە برەو بە بابەتی لێپێچینەوە بدەن لە عێراق بۆ زامنكردنی ئەوەی كە تاوانبارانی هەموو توندوتیژی و پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی مافی مرۆڤ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

المشاركات الشائعة