كچە کوردێکی ئێزدی دوای ڕاكردنی لەدەست داعش، چیرۆكی ژیانی كۆیلەبوونی خۆی لە كتێبێكدا بەناوی (ئەو كچەی لەدەست داعش ڕای كرد) بڵاو كردەوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیویەتی: "دوای ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 دا، كچێكی تازەپێگەیشتووی ئێزدی بەناوی (فەریدە خەلەف) لەگەڵ خوشكێكی و 80 كچی دیكەی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران".
داعش باوك و برای فەریدەی لەگەڵ دەیان پیاوی دیكەی ئێزدی كوشت، دایكیشی لەگەڵ چەندین ژنی دیكەی ئێزدی بۆ شاری تەلعەفەر گوازرانەوە، ھاوكات داعش فەریدە و كچەكانی دیكەشی وەكوو كۆیلە بردە شاری ڕەقەی سووریا.
فەریدە خەلەف دوای ڕاكردنی لەدەستی داعش، لە كتێبێكدا لەژێر ناوی (ئەو كچەی لە دەست داعش ڕای كرد)، ئەو كارەساتانە دەگێڕێتەوە كە داعش بەسەر خۆی و كچەكانی دیكەی ئێزدیی ھێناوە.
فەریدە لەو كتێبەدا دەڵێت: "داعش ئێزدییەكان بە كافر دەزانێت و ھەر بەو پاساوەش كچانی ئێزدی بە كویلە دەگرێت".
لەو كتێبەدا فەریدە ئاشكرای كردووە كە بەردەوام لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر و چەندین جار كڕین و فرۆشتنی پێ كراوە، تا ئەوكاتە لەگەڵ چەند كچێكی دیكە لە دەرفەتێكدا توانیویانە ڕابكەن و پەنا بۆ كەمپی پەنابەران بەرن.
دواتر فەریدە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێكی ئەڵمانی ئاشنا دەبێت و ئەو رۆژنامەنووسە یارمەتیی دەكات خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا و ھەر لەوێ بیرەوەرییە تاڵەكانی ڕۆژانەی كویلەبوونی نووسیوەتەوە.
فەریدە ئێستا لە ئاڵمانیا دەژیت و سەرقاڵی خوێندنە و بەنیازە لە داھاتوودا ببێتە مامۆستای بیركاری و خزمەت بە منداڵانی ئێزدی بكات.
ژێدهر:باسنيۆز: