ژنێكی رزگاربووی ئێزدی له چنگی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)، چیرۆكی خۆی له‌باره‌ی هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌یان، به تایبه‌تی كاتێك هێرشیان كرده سه‌ر گوندی كۆچۆ له باشووری شنگال ده‌گێڕێته‌وه.
كێ له ئێمه كوشتاره‌كه‌ی گوندی كۆچۆی له 15/8/2014دا نه‌بیستووه؟ ئه‌و كوشتاره‌ی سه‌دان پیاو و گه‌نجی گونده‌كه، له پێش هه‌مووشیانه‌وه پیاوماقوڵی گونده‌كه و كه‌سایه‌تیی ناسراوی شنگال، ئه‌حمه‌د جاسۆ، تێیدا بوونه قوربانی.
كۆچۆ باجی به‌رگریكردنی رۆَڵه‌كانی دا، به‌ره‌و رووی تیرۆریستان وه‌ستانه‌وه و له‌سه‌ر كوردبوون و ئێزدی بوونی خۆیان سوور بوون.
هه‌روه‌ها باجی كریڤانیان دا، واته غه‌دری ئه‌و هۆزه عه‌ره‌بانه‌ی دراوسێیان بوون، كه ئه‌وان له چركه‌ساتێكدا ده‌یان ساڵ دراوسێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و ئه‌و رێزه‌یان له‌بیر چوو، كه ئێزدی له ئه‌وانی ده‌گرت، ئه‌وان چوونه پاڵ داعش و ناپاكییان له‌گه‌ڵ ئێزدی‌دا كرد، ده‌ستیان له‌گه‌ڵ تیرۆریستان‌دا تێكه‌ڵ كرد و بوونه مایه‌ی هاتنی داعش و كوشتنی پیاوانی ئێزدی و سه‌بیكردنی ژنانیان.
(ش) با لی ئێستاوه ناوی لێ بنێین (شیرین)، ده‌گێڕێته‌وه، داگیركه‌ران سه‌ره‌تا گوتیان له ماڵه‌كانی خۆتاندا بمێننه‌وه و ئاڵای سپی هه‌ڵده‌ن و مه‌ترسن، كه‌س به لاتانه‌وه نایه‌ت. دا‌واشیان لێ كردین، موسڵمانبوونی خۆمان رابگه‌یه‌نین تا سه‌ر و ماڵمان پارێزراو بێت. ئیدی له ترسی زه‌بر و زه‌نگی ئه‌وان، خۆمان دایه ده‌ست ویستی ئه‌وان، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌و به‌ڵێنه‌ی سه‌باره‌ت به ئیسلامبوونمان به ئێمه‌یان دابوو، په‌شیمان بوونه‌وه. هه‌ستان هه‌موو ئێمه‌یان به ژن و پیاو و منداڵ و پیره‌وه له قوتابخانه‌كه‌ی گوندی كۆچۆدا كۆ كرده‌وه. له‌و كاته‌دا زۆر ده‌ترساین، منداڵانمان زه‌نده‌قیان چووبوو، كه ئاخۆ ئه‌و دڕندانه ده‌بێ چیمان به‌سه‌ر بێنن؟ ژنانیان له پیاوان جیا كرده‌وه، منداڵانی بچو‌وكیش له‌گه‌ڵ دایك یان خوشكانیان مانه‌وه، چونكه هه‌ندێ له ژنان پێشتر كوژرابوون یان له ترسان گیانیان له‌ده‌ست دابوو. ئا له‌و كاته‌دا چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی نادیاری خۆمان ده‌كرد، به‌ده‌م خه‌م و په‌ژاره‌وه دڵی یه‌كدیمان ده‌دایه‌وه. پیاوه‌كانیان راپێچ دا، كه تا ئێستا هیچ كامیانمان به چاو نه‌بینیوه‌ته‌وه.
شیرین درێژه به گیَِڕانه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه ده‌دات: پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م، به دوو كه‌ڕه‌ت، گوێمان له ده‌ستڕێژێكی زۆری گولله بوو له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌دا. ئێمه پێمان وا بوو، كه ئه‌و ده‌ستدڕێژی گولله‌بارانه هاوسه‌ر و باوك و براكانمان ده‌كوژێت. ئه‌و خه‌یاڵ و بۆچوونه‌ی ئێمه‌ش راست ده‌رچوو، به‌داخه‌وه ئه‌وان هه‌رچی پیاوی گونده‌كه بوو، كوشتیانن، گولله‌بارانیان كردن. ئه‌وه‌یان یه‌كه‌مین مه‌رگ و مه‌رگه‌ساتی ئێمه بوو، پاش ئه‌وه‌ی دڵنیا بووین كه تێكڕای پیاوه‌كانیان گولله‌باران كرد. پاش ئه‌و كوشتن و مه‌رگه به كۆمه‌ڵه‌ی پیاوانمان، ئه‌م جاره‌یان هاتنه‌وه كچانی ته‌مه‌ن بچووك و هه‌رزه و ئه‌وانه‌ی كه شوویان نه‌كردبوو، ئه‌وانیان جیا كرده‌وه و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار بردنیان، كه تا ئێستاش نازانین ئه‌و شوێنه كوێیه. ئیدی له‌و رۆژه ره‌شه‌دا چاوه‌ڕوانی دژوارترین چاره‌نووسمان ده‌كرد تا كاتێ خۆرئاوابوو. بۆ سێیه‌م جار كه هاتنه‌وه، ئه‌مجاره‌یان گوتیان ئێوه‌ش بۆ شوێنێكی دی ده‌به‌ین. ئه‌وه بوو ئوتومبیلیان هێنا و ئێمه‌یان به چه‌ند جارێك بۆ گوندی سۆڵاغ (له باشووری شنگال) گواسته‌وه.
شه‌و له‌نێو كه‌لاوه‌یه‌كی نێو گوندی سۆڵاغدا ماینه‌وه. هه‌ر ئه‌و شه‌وه هاتن كۆمه‌ڵه ژنێكی دیكه و كۆمه‌ڵێ له كچانی عازه‌بیان برد، كچه عازه‌به‌كانیان بۆ ته‌له‌عفه‌ر برد. ژنانی پیریشیان برد و گوتیان ئه‌مانه بۆ شوێنێك ده‌به‌ین كه فێنكایه‌تیی لێ بێت. ئه‌وانیان بۆ شوێنێكی پشتی ئێمه‌وه برد، ئیدی نازانین چاره‌نووسی ئه‌وان به چی گه‌یشت.
كاتێك هه‌واڵی هاوسه‌ره‌كه‌یم لێ پرسی، ئه‌و گوتی: هاوسه‌ره‌كه‌م ناوی (ح) بوو، تا ئه‌م كاته چاره‌نووسی نادیاره، ئه‌ویش وه‌ك پیاوانی گونده‌كه چاره‌نووسی نادیاره، هیچ هه‌واڵێكی نازانم. بۆ شه‌وی دواتر پاسیان هێنا و ئێمه‌یان بۆ شاری ته‌له‌عفه‌ر گواسته‌وه.
له پاش پازده رۆژ له ئه‌شكه‌نجه و ژیانی ناخۆش و ئازاری له‌ده‌ستدانی پیاوان و سووكایه‌تی، كه به‌ره‌و روومان ده‌بووه‌وه، هه‌روه‌ها به شه‌و بردنی كچۆڵانمان له لایه‌ن ئه‌میرانی تیرۆر و جنێو و سووكایه‌تی و قسه‌ی سووك و ناشیرین ده‌رهه‌ق به كورد و ئیزدی، ئێمه‌یان به‌ره‌و هه‌ردوو گوندی (كه‌سرل میحراب) و (قزل قیو) برد، كه دوو گوندی چۆڵ بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی هی توركمانی شیعه بوون و له‌وێ نه‌مابوون. ئێمه بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ له‌و دوو گونده‌دا ماینه‌وه.
لێم پرسی: ئه‌دی ره‌وشی ژیانتان له‌و گونده‌دا چۆن بوو؟ (ش) به‌ده‌م فرمێسك داباراندنه‌وه هاته گۆ، گوتی: تكا ده‌كه‌م باوه‌ڕم پێ بكه‌یت، تكات لێ ده‌كه‌م ئه‌وه بۆ هه‌موو كوردێك و ئێزدییه‌ك و هه‌موو مرۆڤێكیش بگوازیته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێمه له لایه‌ن ئه‌و تیرۆریستانه‌وه بینیمان، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ مرۆڤێكی سه‌ر رووی ئه‌م زه‌وییه بینیبێتی، له رووی دڵڕه‌قی و دڵڕه‌شی و نامه‌ردی و هیچوپووچییه‌وه. زۆر به ئاشكرا ده‌یڵێم، هه‌ر كورد و ئێزدییه‌ك ئه‌و سووكایه‌تییه له‌بیر بكات كه تووشی ئێمه هات، ئه‌وه نه كورده و نه ئێزدی.
شیرین له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌یدا گوتی: رۆژێكیان هه‌موومانیان كۆ كرده‌وه و به‌ره‌و مووسڵ‌یان بردین، ئێمه‌یان برده نێو هۆڵێكه‌وه پێی ده‌گوترێت (گالاكسی). ئه‌و ژنانه‌ی كه بێ نێرینه مابوونه‌وه، به چه‌ند كاروانێك به‌ره‌و سووریایان بردن، من یه‌كێك بووم له‌وان، بۆ ماوه‌ی چوار مانگیش له سووریادا مامه‌وه. له‌وێ له شاری ره‌ققه له ته‌لارێكدا بووین به قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره ده‌چوو، من هه‌رسێ منداڵه‌كه‌م له‌گه‌ڵدا بوون.
شیرین خاتوون له‌باره‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌كه‌ی له قوتابخانه‌كه‌ی شاری ره‌ققه‌وه قسه‌ی زیاتری كرد، گوتی: له‌و ماوه‌یه‌دا من به كوڕه بچووكه‌كه‌مه‌وه دووگیان بووم، له‌به‌رئه‌وه‌ی دووگیان بووم، لێیان ده‌پاڕامه‌وه كه باری من ره‌چاو بكه‌ن، به‌ڵام بێ سوود بوو، چونكه له دڵی هیچ داعشێكدا زه‌ڕڕه‌یه‌ك به‌زه‌یی و مرۆڤایه‌تی به‌دی ناكرێت. ئێمه له‌وێدا 140 كه‌س بووین، ئوتومبیلیان هێنا و به جیاجیا ئێمه‌یان سوار كرد. ئێمه و سێ ژنی دیكه‌یان به‌ره‌و باره‌گایه‌كی خۆیان له شه‌ددادی (شارۆچكه‌یه‌كی سووریایه) برد. بۆ ماوه‌ی سێ مانگیش له‌و باره‌گایه‌دا مامه‌وه، جاری وا هه‌بوو به درێژایی رۆژ نه ئاومان ده‌بینی نه خۆراك، منداڵه‌كانمان له‌به‌ر برسێتی و تینوویه‌تی ده‌ستیان به گریان ده‌كرد. ئه‌وان قبووڵیان نه‌ده‌كرد ته‌نانه‌ت ئاویشمان بده‌نێ و ده‌یانگوت: ئێوه كافرن. ته‌نیا مه‌رجیان ئه‌وه بوو كه وه‌ك كه‌نیزه بچینه نێو ماڵه‌كانیان یان شوو به موسڵمانێك بكه‌ین. وێڕای ئه‌وه‌ی ئێمه نوێژیشمان ده‌كرد و وا خۆمان پیشان ده‌دا كه بووینه‌ته موسڵمان، كه پێشتر هه‌ر له گونده‌كه‌مان بۆ خۆ دوورخستنه‌وه له ده‌رد و به‌ڵای داعش، ئیسلامبوونی خۆمان راگه‌یاندبوو.
ئێمه له‌و باره‌گایه‌دا هیچ كارێكمان نه‌ده‌كرد، ته‌نیا بۆ فرۆشتن داندرابووین. دوو ژنیان برد، ئیدی له‌گه‌ڵ پیره‌ژنێكی ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵدا ماینه‌وه. كه‌س به كڕینمان رازی نه‌ده‌بوو. ئه‌وان له‌وێدا چه‌ندین باره‌گایان هه‌بوو. هه‌ر شێخێك كه ده‌هات نزیكه‌ی بیست ژنی ده‌كڕی و به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌رانی خۆیدا دابه‌شی ده‌كردن. شێخێك مووچه‌ی ده‌داینێ، مانگی ده دۆلار، به‌ڵام پاسه‌وانانی باره‌گاكه پاره‌كه‌یان ده‌برد و هیچیان به ئێمه نه‌ده‌دا، ئێمه هیچمان نه‌ده‌ویست، ته‌نیا ده‌مانویست منداڵه‌كانمان برسی نه‌بن. ئه‌و باره‌گایانه تایبه‌ت بوون به سه‌بایا، پێیان ده‌گوت (مقر السبایا: باره‌گای سه‌بایا)، ته‌نیا بۆ نمایشكردنی سه‌بایا بۆ فرۆشتن داندرابوون. جاری وا هه‌بوو داوایان لێمان ده‌كرد باره‌گاكه‌یان بۆ پاك بكه‌ینه‌وه، له‌و كاته‌دا به‌رانبه‌ر به كاره‌كه‌مان بڕه خواردنێكیان به منداڵه‌كانمان ده‌دا. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ده رۆژ جارێك ئه‌و كاره ده‌ست ده‌كه‌وت، رێشیان نه‌ده‌دا له یه‌ك منداڵ زیاتر له‌گه‌ڵ دایكی بێته ده‌رێ.
له‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بووین، وێنه‌یان ده‌گرتین و وێنه‌كانیان به‌سه‌ر باره‌گاكاندا دابه‌ش ده‌كرد، به ئامانجی ئه‌وه‌ی كڕیارمان بۆ په‌یدا بكه‌ن. كه‌سێكی خه‌ڵكی گوندی (جرییا)ی سه‌ر به شاری (میادین)ی سووریا منی كڕی. بۆ ماوه‌ی بیست رۆژ له لای مامه‌وه. ژنێك هاتوچۆی ئه‌وێی ده‌كرد، داوام لێ كرد مۆبایل له‌گه‌ڵ خۆی بێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆن بۆ كه‌س و كارم بكه‌م. ئه‌و ژنه رازی نه‌بوو مۆبایلم بۆ بێنێ، ده‌یگوت ده‌ترسم ئاشكرابێت كه یارمه‌تیی تۆم داوه.
له‌باره‌ی ئه‌و بازاڕه‌وه كه ئافره‌تانی ئێزدیی تێدا ده‌فرۆشرا و ده‌كڕدرا، پرسیاری زۆرترم له شیرین كرد، له وه‌ڵامدا گوتی: "جاری وا هه‌بوو نرخی هه‌ریه‌كه‌مان ده‌گه‌یشته پێنج ملیۆن دیناری عیراقی، ئه‌وه ئه‌گه‌ر كچۆڵه‌كه جوان و به‌رچاو بوایه. جیاوازیی نرخه‌كه‌ش به‌پێی ئه‌وه بوو، كه ئاخۆ به ته‌نیایه یان كه‌سی له‌گه‌ڵه. ئه‌گه‌ر منداڵ (خوشك یان برا)ی له‌گه‌ڵ بوایه، كاری له نرخه‌كه‌ی ده‌كرد. خۆ ئه‌گه‌ر ژنێكی به‌ته‌مه‌ن له‌وێ بوایه، ئه‌وا تانه و تاشه‌ریان لێ ده‌دا و به تێزه‌وه ده‌یانگوت: ئه‌مه كه‌س سه‌د هه‌زار دینار (نزیكه‌ی 80 دۆلار)ی پێ نادات. یه‌كی دی ده‌یگوت: بابه ئه‌مه چوار قوتووه بیره ناهێنێ. من ئه‌و زاراوه‌ی (بیره)یه‌م پێ سه‌یر بوو، له هاوه‌ڵه به ته‌مه‌نه‌كه‌م پرسی: بیره‌ی چی؟ باشه سه‌یر له چیدایه؟ خۆ ئه‌وان زۆربه‌یان شه‌وان به نهێنی شه‌رابیان ده‌خوارده‌وه و هۆشبه‌ریان ده‌خوارد.
ئه‌و خاتوونه به مكوڕبوونه‌وه گوتی: "ئه‌گه‌ر به سه‌رانسه‌ری جیهاندا بسووڕێیته‌وه و هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تی شه‌ن و كه‌و بكه‌یت، له داعش پووچتر و درۆزنتر و فێڵبازتر و بێ ره‌وشتتر نابینی."
تۆ هه‌وڵی هه‌ڵاتنت نه‌دا؟ ئه‌م پرسیاره‌م لێ كرد. ئه‌و به‌رسڤی دایه‌وه: "ئه‌وه‌ی هه‌وڵی هه‌ڵاتنی بدابایه و له هه‌وڵه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بایه، ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر قورسیان ده‌دا، گوێم له كچێك بوو كه براده‌ره‌كانی بێ ئاگاداریی ئه‌و هه‌ڵاتوون، ئیدی داعش كه‌وتنه لێدانی ئه‌و، هێنده به سۆنده لێیان دا تا پێستی له لێدان ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕا. ئه‌و كچه ناوی (أ س) و خه‌ڵكی گوندی (...) بوو. ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵان بوو، ئه‌و هێشتا له سووریا دیلی ده‌ستی داعشه. ئه‌و كچه بۆمی گێڕایه‌وه، كه ویستوویانه به پانكه هه‌ڵیواسن، بۆ سێ رۆژ نان و ئاوی نه‌چووه‌ته سه‌ر زار. من به چاوی خۆم جه‌سته‌ی ره‌شهه‌ڵگه‌ڕاوی و چه‌ندی شوێنێكی رووتاوه‌ی سه‌ری ئه‌وم بینیوه، ئه‌ویش له ئاكامی ئه‌شكه‌نجه‌دان."
ئه‌و خاتوونه رزگاربووه گوتیشی: من رۆژانی ره‌شم به ده‌ستی ئه‌وان دیت، رێی خۆشووشتنیان پێ نه‌ده‌داین، رشك و ئه‌سپێ له منداڵه‌كانی داین. كاتێك كوڕه‌كه‌ی نێو زگم له‌دایك بوو، له باره‌گایه‌كی شارۆچكه‌ی شه‌ددادیه‌دا بووین. ته‌نیا ژنانی وه‌ك خۆم دیلی ئێزدیم به ده‌وره‌وه بوون. خوا پاداشتی چاكه‌یان بداته‌وه، ئه‌وان له‌و منداڵبوونه‌دا هاوكارم بوون، كه‌س نه‌یبردم بۆ نه‌خۆشخانه، داوام كرد بۆ نه‌خۆشخانه‌م ببه‌ن، به‌ڵام رازی نه‌بوون. گوتیان پاسه‌وان لێره نین و ده‌رگا داخراون، ناتوانین ده‌رت بكه‌ین. كلیله‌كه به ده‌ستی یه‌كێ له پاسه‌وانه‌كان بوو، به‌ر له چه‌ند رۆژێك به‌ڵێنی پێ دابووین كه له كاتی منداڵبوونه‌كه‌دا په‌رستار دێنێت، وه‌ك نه‌ریتی هه‌موو داعشان، به‌ڵێن ده‌ده‌ن و نایبه‌نه سه‌ر. له رۆژی منداڵبوونه‌كه‌شدا، كاتێك ژنه‌كان لێیان پرسی، گوتیان لێره له باره‌گادا نییه.
له‌باره‌ی چاره‌نووسی خێزانه گه‌وره‌كه‌یه‌وه، وه‌ك شیرین گوتی كه له 40 كه‌س پێك هاتبوو، گوتی: من نازانم چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه. ئه‌وان تێكڕا یان له‌نێو زیندانه‌كانی داعشدان، یان به ده‌ستی داعش كوژراون. ته‌نیا (و)ی براژنم و كچه‌كانی به‌ر له چه‌ند رۆژێك هاتنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانی دی، هیچیان له‌باره‌وه نازانم، چاره‌نووسیان نادیاره. براكه‌م و كه‌سێكی دی له گونده‌كه‌مان ئه‌و فدیه‌یان دا كه داوایان كردبوو، بۆ ئازادكردنی براژنه‌كه‌م. براكه‌شم ئێستا له سه‌نگه‌ری شه‌ڕی دژ به داعشدایه. ئێستاش لێره، له كه‌مپی ئاواره‌كاندا ژیانێكی سه‌خت و زه‌حمه‌ت و پڕ له نه‌بوونی به‌سه‌ر ده‌به‌ین.
ژێده‌ر:باسنيۆز