خەلکێ شنگالێ چارەنڤيسێ خۆ ئێكلا كر

شنگال-KDP.info- 
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، (قاسم دربۆ) دەڵێت، دوای چەند ڕۆژی دیکە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی شنگال دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان دەدەن و، ئەوە دەبێتە کارتێکی دیکەی دەستی هەرێمی کوردستان و لە ڕیفراندۆمدا دیاریی دەکەن، کە چەندە تامەزرۆی سەربەخۆیین.
(قاسم دربۆ)، کەسایەتیی ئێزدی و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''کوردانی ئێزدی بە دەنگی ''بەڵێ''، چاند و زمان و کەلتووری خۆیان دەپارێزن، چونکە ئێزدییان نایانەوێت بگەڕێنەوە گەڵ عیراقێکی شکەستخواردوو، کە نەیتوانیوە ئاسایشی هاووڵاتییانی خۆی دابین بکات، چۆن دەتوانێت ژیانی هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم بپارێزرێت.''
ئەم کەسایەتییە ئێزدییە باوەڕی وایە، خەڵکی شنگال چارەنووسی خۆیان یەکلا دەکەنەوە و کارتێکی بەهێز دەدەنە دەست (سەرۆک بارزانی) بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ باوەشی کوردستان.
دەربارەی ڕێژەی دەنگدان لە شنگال (دربۆ)، دەڵێت: ''دەنگدان بۆ هیچ حزب و لایەنێک نییە، بەڵکو دەنگدان بۆ دەوڵەتی خۆمانە و ڕێژەی دەنگدان بە ''بەڵێ'' لە شنگال زۆر دەبێت و هەر کەس بە ''بەڵێ'' دەنگ نەدات، ئەوا خیانەت لە زمان و کەلتووری خۆی دەکات. ئێمە بە ڕیفراندۆم دیاریی دەکەین، کە چەندە تامەزرۆی سەربەخۆین بۆئەوەی بگەڕێینەوە سەر هەرێم.''
ئەم کەسایەتییە ئێزدییە گوتیشی: ''ئێدی کارەسات و ماڵوێرانی بەسە، بۆ ئەوەی ئەم کارەسات و فەرمانانە بە کۆتا بێن، پێویستە هەموومان بە یەکەوە لە ٢٥ی مانگدا بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆین و بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین و بە هەموو دنیا بڵێین، نامانەوێت کارەساتێکی دیکە دووبارە بێتەوە.''

تعليقات