خاتێ شنگالی: دوو هەزار کچێن ئێزدی دڤێت ببنە پێشمەرگە

شنگال-KDP.info-
 بەرپرسی هێزی کچانی ئێزدی لە فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال دەڵێت، ٢ هەزار کچی ئێزدی لە سنووری قەزای شنگال ئامادەن ببن بە پیشمەرگە و بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن.
لە (٣ی ئابی ٢٠١٤)ـەرە داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و پاشان لە دوو قۆناغدا ڕزگار کرا، قۆناغی یەکەم ڕگارکردنی باکووری شنگال بوو، قۆناغی دووەمیش بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) قەزای شنگال ڕزگار کرا و توانرا لە چەکدارانی داعش پاک بکرێتەوە. .
بەرپرسی هێزی کچانی ئێزدی لە فەرماندەییی پێشمەرگەی شنگال، (خاتێ شنگالی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕۆژانە کچانی ئێزدی پەیوەندی بە فەرماندەکەمانەوە دەکەن، بۆ ئەوەی ببن بە پیشمەرگە و، هەر جێیەکی هەبێت، کە بە ئێمەی ڕاسپێرێن بۆ بەرگریکردن و پاکردنەوە، هەر لە شنگالەوە تا خانەقین، ئێمە ئامادەین بەرگریی لێ بکەین و ئێستاش ٢ هەزار کچی ئێزدی دەیانەوێت ببن بە پێشمەرگە.''
پێشتریش (سەرۆک بارزانی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''پێویستە هەموو تاکی ئێزدی سەربڵند بێت و سەرفەراز بێت، کوردانی ڕەسەنن، پێوستە هەموو کچێکی ئێزدی بە دەنگێکی بەرزەوە بڵێت، من کچم، کچی کوردانم.''
هەر لەو بارەیشەوە (خاتێ) دەڵێ: ''هەموو کچانی ئێزدی خۆیان سەربڵند دەبینن و ئێمەش ناوەکانمان ڕەوانەی جێگای پەیوەندیدار کردوون و چاوەڕوانی ڕەزامەندیین بۆ ئەوەی ئەوانیش شانبەشانی پیشمەرگەکانی دیکە پارێزگاری لە ناوچەکانیان بکەن.''
کاتێک داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، ژمارەیەکی زۆری ئێزدییان ڕفێنران و گواسترانەوە بۆ جێگای ژێر دەسەڵاتی داعش، بەڵام کچ و کوڕانی ئێزدی شانبەشانی پێشمەرگە بەرگرییان لە چیای شنگال و مەزارگەکانیان کرد و نەیانهێشت جێگاکانیان بکەوەنە دەستی داعش.
بەرپرسی هێزی کچانی ئێزدی لە فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال ئاماژەیشی دا: ''سەرباری هەموو ئەم ناخۆشییەی کە بەسەر کچانی ئێزدیدا هاتووە، کچانی ئێزدی تا ئێستا لە بەرگریدان و ئێستا بەشیک لە کچە پێشمەرگەکان ناوچەی سنوونێ دەپارێزن.''


تعليقات