كوردێن ئێزدى:داكو ئێزديخان دابه‌ش نه‌بت پێتڤيه‌ ده‌نگ ب ريفراندۆمێ بده‌ين

دهۆک-KDP.info- 
کەسایەتییەکانی کوردی ئێزدی دەڵێن، بۆ ئەوەی ئێزدیخان دابەش نەبێت، دەبێ سەربەخۆییی کوردستان هەڵبژێرین و دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەین، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی کارەسات نەبینەوە.
ئێزدییەکان دەڵێن، ئەوکاتەی ئاوارە بووین و کارەساتمان بەسەردا هات، ئەوا خەڵکی شەرەفمەندی کوردستان ئێمەیان پاراست و بە هانای ئێمەوە هاتن، ئەو هەڵوێستە لەبیر ناکرێت، هەروەک (نایف ڕەشۆ ئێسیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێویستە ئێمە بزانین کێ بوون ئیزدییەکانیان کۆمەڵکوژ و تەعریب کرد و کێ بوون کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە دەکرد، هەرچۆنێک بێت، ئێمە ناتوانین لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانمان بژین، چونکە ئەوان بوون کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە کرد.''
زیاتر لە ٩٠%ی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی لە دەرەوی ئێدارەی هەرێم بوون و پێشتریش ئێزدییان ڕایانگەیاندبوو ئەگەر ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێم لە هەموو بوارێکەوە سەنگی ئێزدییان زیاتر دەکات. پەیوەست بەم پرسە، (نایف ڕەشۆ) گوتی: ''بۆ ئەوەی لالش و شنگال لە یەک جیا نەبێت و ئێزدیخان دابەش نەبێت بۆ چەند بەرەیەک، پێویستە دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەین و هەموو ئێزدیخان بکەوێتە ژێر چەتری کوردستان، چونکە لە کۆنەوە ئێمە بە هەڵواسراوی مابووین و هاوارمان دەکرد و کارەساتمان دیت، بەڵێ ئەمرۆ ئەم هەلە هاتووە، کە ئێمە دەنگ بدەین بە ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەی تەواوی ئێزدیخان بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.''
دەربارەی ئەم پرسە، پارێزەر (سالار فائز)یش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''تا ئێزدی لە عێراقدا بوون نەیاندەتوانی ئایینی خۆیان لە خوێندنگەکانیاندا بخوێنن، کەچی لە کوردستان وانەی ئێزدیاتی لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنگاکاندا هەبوون، ئەمە بەسە کە بڵێین ئێمە ناتوانین لە عێراقی ڕووخاو و ڕەگەزپەرستدا بژین. ئەمەش بچووکترین مافە و کاتێک لە ساڵی ١٩١٦دا کوردستان دابەش کرا، ئێزدییانیش بە هەمان شێوە دابەش کران و سەنگی ئێزدییان بێهێز کرا و ناتوانین بچینە ژێر دەسەڵاتی عیراقێکی ڕۆخاوو، کە هێشتا نەیتوانیوە ژێرخانی خۆی ئاوەدان بکاتەوە، چۆن دەتوانێت ناوچە ئێزدینشینەکان ئاوەدان بکاتەوە.''


تعليقات